حەسەن زیرەک

گۆرانیبێژێکی کورد


حەسەن عەبدوڵڵا ناسراو بە حەسەن زیرەک (٢٩ی تشرینی دووەمی ١٩٢١ لە بۆکان – ٢٦ی حوزەیرانی ١٩٧٢ لە بۆکان) ھونەرمەند، مۆسیقازان و گۆرانیبێژێکی کورد بوو. بە یەکێک لە بەناوبانگترین ھونەرمەندانی کورد ھەژمار دەکرێت. بەرچاوترین کاری ئەو کۆکردنەوەی گەنجینەیەک لە ئاواز و گۆرانی تۆمارکراویی کوردییە بە دەنگی خۆی کە ژمارەیان زیاتر لە ١٠٠٠ گۆرانی.[٩] حەسەن زیرەک بەھۆی گۆرانییەکانی لە ناو کوردەکانی ڕۆژھەڵات و باشوور ناسراوە. لە ساڵی ١٩٧٢ لە شاری بۆکان، پارێزگای ورمێ کۆچی دواییی کرد و ھەر لەوێش بە خاک سپێردرا.

حەسەن زیرەک
Hesen Zîrek

حەسەن عەبدوڵا
لەدایکبوون (١٩٢١-١١-٢٩) ٢٩ی تشرینی دووەمی ١٩٢١
مەرگ٢٦ی حوزەیرانی ١٩٧٢(١٩٧٢-٠٦-٢٦) (٥٠ ساڵ ژیاوە)
بۆکان، ڕۆژھەڵاتی کوردستان
ھۆکاری مەرگژەھراوی کردن، شێرپەنجەی جگەر[١][٢][٣]
شوێنی گۆڕناڵەشکێنە، بۆکان
36°30′02″N 46°12′30″E / 36.5005291°N 46.2082101°E / 36.5005291; 46.2082101پۆتانەکان: 36°30′02″N 46°12′30″E / 36.5005291°N 46.2082101°E / 36.5005291; 46.2082101
نەتەوەکورد
شارۆمەندێتیھاووڵاتی ئێران Flag
پەروەردەنەخوێندەوار
پیشەگۆرانیبێژ، وێنەکێش[٤]
چالاکبوون١٩٥٣–١٩٧٢
ناسراوە بەبولبولی کوردستان[٥]
چەشنفۆلکلۆر
ئایینئیسلام
ھاوسەرھاوسەرگیرییە فەرمییەکان:
میدیا زەندی، ڕابیعە سەرئەنجام[٦][٧]
ئەوانی تر:
نزیکەی ٣٠ ھاوسەری تر
مناڵ(ەکان)مەھتاب (ئارەزوو)، مەھناز (ساکار)[٨]
باوان
  • عەبدوڵڵا (باوک)
  • ئامینە (دایک)
خزمەکانمحەممەد ئەمین[ئ] (برا گەورە)
حسێن (برا بچووک)
سارا (خوشک)

ھەرچەندە حەسەن زیرەک بەھۆی سەختی بارودۆخی ژیانەوە سوودی لە خوێندن وەرنەگرت، بەڵام بەھرەیەکی ناوازەی ھەبوو لە ئاوازدانانی شیعر و مۆسیقای کوردی. ئەم بەھرەیە لەگەڵ دەنگە ناوازەکەی، گۆرانییەکانی لە سەرانسەری ناوچە کوردنشینییەکاندا جێی بایەخ کردوە. دەنگە کوردییەکەی تا ئێستاش لە ناوچە کوردنشینەکان بە تایبەت لە ڕۆژھەڵات و باشووری کوردستان لە کوچە و کۆڵانەکان لە ماڵ و سەیرانگا و ئاھەنگەکان دەبیسترێت.[١٠][١١]

حەسەن زیرەک جگە لە زمانی کوردیی زگماکی خۆی (سۆرانی[ا])، بە زمانەکانی فارسی، تورکی، ئازەری، ئەرمەنی و لوڕیش گۆرانی وتووە و خاوەنی ٣ مەقامە بە زمانی تورکی، ٨ مەقام بە فارسی، ٢ مەقام بە ھەورامی و ٦٤ مەقام بە کوردیی سۆرانی.[١٢] زیرەک لەگەڵ ئۆرکێستراکانی مۆسیقای کوردیی برایانی یوسف زەمانی،[١٣] ئۆرکێسترای موشیر ھومایۆن شەھرەدار لە تاران و ئۆرکێسترای موجتەبا میرزادە لە کرماشان گۆرانی پێشکەش کردووە.[١٤][١٥] نازناوی «زیرەک» بۆماوەیی نییە، باوکی و باپیریشی ئەو ناوەیان پێوە نەبووە، بەڵکو لە ساڵی ١٩٥٣ لە ڕادیۆی بەغدا ئەم نازناوەی پێ درا.

جیا لە ڕادیۆی کرماشان و تاران، زیرەک سەردانی ڕادیۆکانی تەورێز، سنە و مەھابادی کردوە و گۆرانی لێ تۆمار کردون.

ژیان دەستکاری

سەرەتای ژیان دەستکاری

گومان لە شوێنی لە دایکبوونی حەسەن زیرەک ھەیە، ھەندێک پێیان وایە لە گوندی ھەرمێلە، نێوان بۆکان و سەقز لە دایکبووە؛ بەڵام بەپێی بڕوانامەی لەدایکبوون و بە گوێرەی خەڵکی ناوچەی بۆکان و بنەماڵەکەی لە ساڵی ١٩٢١ لە گەڕەکی قەڵا لە شاری بۆکان لە پارێزگای ورمێ حەسەن زیرەک چاوی بە دنیا ھەڵھێناوە.

عەبدوڵڵا، باوکی حەسەن زیرەک لە سەردەمی منداڵی زیرەک کۆچی دوایی کرد و دواتر ھاوسەرەکەی کە ناوی ئامینە بوو، توانای چاودێری و بەخێوکردنی منداڵەکانی نەبوو، بۆیە ناچار بوو دووبارە ھاوسەرگیری بکاتەوە و منداڵەکانی بە زیرەکیشەوە نەچوونە قوتابخانە و کرێکارییان دەکرد بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانیان.[١٦] حەسەن زیرەک ١ خوشک و ٢ برای ھەبوو؛ زیرەک دەربارەی جێی لەدایکبوونی و خێزانەکەی لە ھۆنراوەیەکدا بەم شێوەیە دەڵێت:

خەڵکی بۆکانم کوردی خوێن پاکم
برام حسێنە و ئامینە دایکم
ناوم حەسەنە باوکم عەبدوڵڵا
خوشکم سارایە و کاکە مینە کاکم[١٧]

ژیانی ناخۆش و ئاوارەیی حەسەن زیرەک لەو کاتەوە دەستی پێکرد کە باوکی کۆچی دوایی کرد و دایکی شووی کردەوە. حەسەن زیرەک بە درێژایی تەمەنی منداڵی و گەنجی چەندین کاری جۆراوجۆری تاقی کردووەتەوە، وەک کرێکاری و شاگردی لە دوکانی شەربەت و شیرینی، قاوەچێتی، کارکردن لە چایخانە و بەردەستیی کەبابچی لە بۆکان و شارەکانی دیکە، تەنانەت چووەتە پێنجوێن، سلێمانی، مووسڵ، بەسڕە، خووزستان و باشووری ئێران بۆ کرێکاری کردن؛ ژیانێکی نائاسایی و ھەژارانەی بردووەتە سەر.

کاتێک زیرەک تەمەنی تەنھا ٧ بۆ ٨ ساڵ بوو زۆر حەزی لە گۆرانی و گۆرانیوتن بوو. لەو سەردەمەدا خەڵکی دەنگ خۆش لە بۆکان سەرقاڵی گۆرانیوتن بوون لە کۆڕ و مەراسیمی جیاوازدا لە شەقام و بازاڕەکاندا. یەکێک لەو کەسانەی کە لەم شارەدا ئاشنای مۆسیقا و گۆرانیوتن بوو و لەم بوارەدا چالاک بوو، گۆرانیبێژێکی جوولەکە بوو بە ناوی «شێنگە جوو» کە حەسەن زیرەک گوێی لە گۆرانییەکانی دەگرت و بە ئەگەرێکی زۆرەوە لەو تەمەنەدا شێنگە جوو یەکەم مامۆستای نافەرمی حەسەن زیرەک بووە.

حەسەن زیرەک، لە تەمەنی گەنجیدا، ڕۆژێک کاتێک کە شۆفێری دەکات لە ڕێگای سەقزبانە، کۆنتڕۆڵی ئۆتۆمبێلەکەی لەدەست دەردەچێت و دەبێتە ھۆی گیانلەدەستدانی کەسێک؛ بەم شێوەیە حەسەن زیرەک ئۆتۆمبێلەکە و شوێنی کوشتنەکەی بەجێدەھێڵێت و بۆ ماوەیەکی زۆر بە ترسەوە خۆی دەشارێتەوە، پاشان وڵات جێدەھێڵێت و دەچێتە عێراق و شاری بەغدا بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی.[١٨]

ڕادیۆی کوردیی بەغدا دەستکاری

لە ساڵی ١٩٥٠ زیرەکی ٢٠ ساڵان لە عێراق شاگرد بوو لە میوانخانەی باکوور (بە عەرەبی: فندق شمال‎)، حەسەن زیرەک ماوەی ٤ ساڵ لەم ھۆتێلەدا کاری کردووە، تا ڕۆژێک لە کاتی پاککردنەوەدا زیرەک بە دەم لێوانەوە گۆرانی دەوتەوە، لەم نێوەندەدا عەلی مەردان، گۆرانیبێژی کورد کە گەشتی دەکرد، لەو میوانخانەیەدا دەمێنێتەوە. عەلی مەردان بە بیستنی دەنگی حەسەن زیرەک بانگی دەکات و پێشنیاری زیرەک دەکات لەگەڵیدا بچێتە ڕادیۆی کوردیی بەغدا و ھاوکاری زیرەک دەکات بۆ ئەوەی لەوێ کارێکی دەستبکەوێت. دوای ئەوە حەسەن زیرەک لە ساڵی ١٩٥٣ەوە لە بەشی کوردیی ڕادیۆی بەغدا بە مانگانەی ٦ دینار دامەزرا.[١٨]

ھاتنی حەسەن زیرەک بۆ ڕادیۆی کوردیی بەغدا ھاوکات بوو لەگەڵ سەرەتای پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو و بە گوتەی خۆی لەگەڵ ئەفسانەکانی مۆسیقای کوردی ئەو ساڵانە لەوێ بووە، لەوانە عەلی مەردان، نەسرین شێروان، حەسەن و محەممەد عارف جزیری، شەماڵ سائیب، تایەر تۆفیق، ڕەسوڵ گەردی، ئیلیاس فەڕەنگی و قادر دیلان.

لە ساڵانی سەرەتای کارکردنی لە ڕادیۆی بەغدا، سەرنجی گوێگرانی بۆ لای خۆی ڕاکێشا، بەو پێیەی شارەزایی و لێھاتوویی تایبەتی لە ئاواز و گۆرانییە کوردییەکانی ناوچەی موکریان ھەبوو.

ساڵی ١٩٥٨ کە حەسەن زیرەک گەڕایەوە بۆکان، عەبدوڵڵا موفتیزادە، دانیشتووی شاری سنە، دەچێتە بۆکان و داوا لە حەسەن زیرەک دەکات کە بچێتە ناو ڕادیۆی کوردیی تاران کە تازە دامەزرابوو؛ بۆیە ھەر لە ساڵی ١٩٥٨ حەسەن زیرەک دوای وەرگرتنی مۆڵەت لە بەرپرسانی ڕادیۆی کوردی لە بەغدا بڕیاری گەڕانەوەی بۆ ئێران دا.

کودەتای عێراق دەستکاری

لە ساڵی ١٩٥٨ شانشینی عێراق لە کودەتایەکدا بە سەرۆکایەتی عەبدولکەریم قاسم کەوت و حکوومەتی کۆماری لە عێراق ڕاگەیەندرا. حەسەن زیرەک لە کاتی گەڕانەوەی بۆ بۆکان، دوای ماوەیەک بڕیاریدا بگەڕێتەوە عێراق. لەکاتی ئامادەکاری بۆ گەڕانەوەی، ھەواڵی کودەتاکەی عێراق دڵەڕاوکێ و نیگەرانی زیرەکی لێ دەکەوێتەوە، چونکە ئەوکاتەی لە ڕادیۆی بەغدا گۆرانیبێژ بوو، بەبۆنەی تاج لەسەرنانی شا فەیسەڵی دووەمی عێراق و شا حوسێن لە ئوردن، لە ڕادیۆی بەغدا ئاھەنگێکی گۆرانی ڕێک دەخرێت، زۆر لە ھونەرمەندان لەم ئاھەنگەدا گۆرانی دەڵێن، زیرەکیش کە تازە دامەزرابوو بەو بۆنەیەوە گۆرانییەکی پێشکەش کردبوو:

دە لێدەن لێدەن لە تەپڵی شادمانی
ئەوا تاجیان نایە سەر حوسێن و فەیسەڵی سانی

پڕوپاگەندە و وتاری بەربڵاو لە ڕادیۆی بەغدا دژی دادوەرە لابراوەکانی ڕژێمی پێشوو و چەندین خۆپیشاندان و ڕاگەیاندن و وتارە یەک لە دوای یەکەکانی گەلانی ناوچەکە و بەتایبەت کورد، بۆ پشتیوانی لە کردەوە شۆڕشگێڕانەکەی عەبدولکەریم قاسم لە ڕووخاندنی شانشینی عێراق، وای کرد حەسەن زیرەک بترسێت لەوەی بگەڕێتەوە عێراق و بیگرن بەبیانوی ئەوەی گۆرانی بۆ حکوومەتی پاشایەتی پێشوو ھەڵگوتووە چونکە حکوومەتی نوێ ئەو کەسانەی دەستگیر دەکرد کە پێشتر پشتیوانیان بۆ پاشایەتیخوازی دەربڕیوە، بۆیە لە ئێران مایەوە و چاوەڕێی کرد تا دۆخی سیاسی ئەو وڵاتە ڕوون دەبێتەوە.[١٨]

ڕادیۆی کوردیی تاران دەستکاری

حەسەن زیرەک لە تاقوەسان (ڕاست)

بەپێی بەڵێننامەیەک کە لە ڕێکەوتی ١٢ی نیسانی ١٩٥٨ لەلایەن محەممەد کەیھان، یەکێک لە دامەزرێنەرانی ڕادیۆی کوردی لە تاران، ئاماژە بە پێدانی مانگانەی دوازدە ھەزار تمەن دەکات بە زیرەک بۆ پێشکەشکردنی گۆرانی کوردی، ئەمەش ئاماژەیە بۆ سەرەتای ھاوکاری ئەم ھونەرمەندە لە ڕادیۆی کوردی لە پایتەختی ئێران.

ئەو بەرھەمانەی کە حەسەن زیرەک لە ڕادیۆی کوردیی تاران تۆماری کردبوو، زۆر جار بە ئامێری مامۆستاکانی وەک حسێن یەھاقی، حەسەن کەسایی، جەلیل شەھناز، جیھانگیر مەلەک، ئەحمەد عیبادی و بە سەرپەرشتیی موشیر ھومایۆن شەھرەدار تۆماری دەکردن.

ڕادیۆی کوردیی کرماشان دەستکاری

لە مانگی ئابی ساڵی ١٩٦٢ کە ڕادیۆی کوردیی تاران داخرا، حەسەن زیرەک و ھاوکارەکانی بەرەو کرماشان بەڕێکەوتن. ڕادیۆی کوردیی کرماشان ناوەکەی گۆڕدرا بۆ بەشی کوردی ڕادیۆ ئێران. ئەم ڕادیۆ نوێیە دەنگی نێودەوڵەتیی ئێران بوو، بەمەش کاتژمێری پەخشەکانی زیاتر بوو و نەک ھەر وڵاتانی ناوچەکە، بەڵکو پەخشەکەی بەشێکی زۆری ئەورووپا و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستیشی گرتەوە.

ھاتنی حەسەن زیرەک بۆ کرماشان و پەیوەندیکردن بە گرووپ و ھاوکارەکانی ڕادیۆ، ئۆرکێستراکەی زیاتر چالاکتر کرد، کە چەند ساڵێک بوو بوونی ھەبوو و ھەنگاوی باشی لە بەرھەمھێنانی مۆسیقا و گۆرانی کوردیدا نا.

سەرۆکی ئەو ئۆرکێسترایە محەممەد عەبدولسەمەدی بوو کە خۆی کلارنێتژەن بوو. لە ساڵانی دواتردا، مەحموود بێلوری عودژەن، و سەرجەنتی زەید یەحیای کلارنێتژەن، بۆ ئەم گرووپە زیادکران. حەسەن زیرەک لە ڕادیۆی کوردیی کرماشان بە ھاوکاریی لەگەڵ ھونەرمەندانی دیاری کرماشان وەک موجتەبا میرزادە (کەمانچە)، محەممەد عەبدولسەمەدی (قەڕانی)، ئەکبەر عیزادی (سەنتوور)، ئاستوار دەروێشی (تار) و بەھمەن پۆلەکی و مورتەزا قەسری (کەمانچە و تێمپۆ) گەلێک گۆرانی تۆمار کرد، کە بەرھەمەکانی حەسەن زیرەک لە ڕادیۆی کرماشان بە باشترین بەرھەمەکان و سەردەمی زێڕینی ئەو دادەنرێن.

سەبارەت بە گۆرانی و ئاواز، حەسەن زیرەک لەگەڵ موجتەبای میرزادە کە ئەوکات تەمەنی تەنیا ١٦ ساڵ بوو، قسەی دەکرد و زانیارییەکی بەرفراوانی لەسەر گۆرانی کوردی پێ دەدا، ئەمەش وای کرد میرزادە ھێندەی تر حەزی بچێتە بوارەکە. میرزادە چەندین جار ئاماژەی بەوە کردووە «بوونی حەسەن زیرەک لە کرماشان زۆر بەسود بووە» چونکە ئەوی بە مۆسیقای کوردی ناساندووە و لە ڕێگەی زیرەکەوە چەندین گۆرانی و ئاوازی کوردی ناسیوە و ئەمەش وای کردووە شێوازی ژەنینی جیاواز بێت.

حەسەن زیرەک لە ماوەی ئەو ٣ ساڵەی کە لە کرماشان مایەوە ناو و ناوبانگێکی گەورەتری بۆ خۆی تۆمار کرد، بەجۆرێک کە زۆربەی ڕۆژەکان چەند کەسێک کە حەزیان لە دەنگی بوو لە ناوچە جیاجیاکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران و باشووری کوردستانەوە دەھاتن بۆ سەردانی و ئەویش لە ماڵەکەی خۆیدا میواندارییانی دەکرد.[١٩]

دەرکردنی لە ڕادیۆ دەستکاری

دوای بەدەستھێنانی ناوبانگ، ھەندێک کەس لە ئێران ڕێگریان لە حەسەن زیرەک کرد کە درێژە بە چالاکییەکانی بدات و بە ھۆکاری جۆراوجۆر لە ڕادیۆکانی تاران و کرماشان دەریان کرد.

کە دکتۆر شێخ عابدی سەراجدەدینی سەرۆکی بەرنامەی ڕادیۆی کوردیی تاران بوو، کاتێک حەسەن زیرەک ھاتبووە مەیدانی ڕادیۆکە، شێخ عابدی بە دەرگاوانی ڕادیۆکەی گوتبوو کە ڕێگە نەدات بە ھیچ شێوەیەک حەسەن زیرەک بێتە ژوورەوە، ئەمەش زیرەک خەمبار دەکات و دەیەوێت بگەڕێتەوە بەغدا و چیتر نەگەڕێتەوە تاران، بەڵام لەکاتی گەیشتنی بۆ بەغداش دەیگرن و دەیخەنە بەندیخانەوە

— میدیا زەندی

لە ساڵانی ١٩٦٢ و ١٩٦٤ ژیانی کارکردنی حەسەن زیرەک بەرەو دابەزین چوو و حکوومەت پارەی پێ نەدەدا، بەرپرسی ڕادیۆی کوردی ئەوکات شوکروڵڵا بابان وتی «نزیکەی ١٥٠٠ گۆرانیمان بە دەنگی حەسەن زیرەک تۆمار کردوە، چیتر پێویستمان بە حەسەن زیرەک نییە».[ب][٢٠]

بەندیخانە دەستکاری

وێنەی حەسەن زیرەک بە پلاکی گرتووخانەوە لە زیندانی کرماشان

دوای دەرکردنی زیرەک لە ڕادیۆکانی ئێران، زیرەک دەچێتە عێراق بە ھیوای دامەزراندنەوەی لە ڕادیۆی کوردیی بەغدا، بەڵام لە عێراق دەستگیر دەکرێت. ١٨ مانگ لەوێ زیندانی و ئەشکەنجە دەدرێت، کە زیرەک لە تۆمارێکدا بە دەنگی خۆی سەبارەت بە ئەشکەنجەدانی لە عێراق دەڵێت:

١٨ شەو لە زیندانی کەرکووک بووم، بۆ ماوەی ٦ مانگ لەلایەن ڕێکخراوی ئاسایشی نیشتمانیی عێراقەوە چەندین جار ئەشکەنجە دەدرام، لە شارێکەوە دەیانبردم بۆ شارێکی تر، کەس لە بارودۆخی نەپرسیم

دوای ئازادبوونی زیرەک لە عێراق لەسەر سنوورەکانی عێراق–ئێران، دیسان لەلایەن ساواکەوە بە تۆمەتی سیخوڕی دەستبەسەر دەکرێت و ماوەیەک لە زیندانی کرماشان بەسەر دەبات.

حەسەن زیرەک لەو کاتەدا داوای لە بەڕێوەبەرانی ڕادیۆکان کرد کە ئەو بگەڕێننەوە بۆ کارکردن، بەڵام ئەوان ڕازی نەبوون بە داواکارییەکەی و ھەر لەو کاتەوە زیرەک لە ئاھەنگی ھاوسەرگیری و بۆنە ناوخۆیییەکان گۆرانی دەگوت.

ژیانی ھاوسەرگیری دەستکاری

حەسەن زیرەک و کچەکانی

بەپێی گوتەی کۆتا ھاوسەرەکانی، حەسەن زیرەک ٣٦ جار ھاوسەرگیری کردوە،[پ] دوو جاریش بەفەرمی و وەک ئەوەی دیارە ھاوسەرگیری کردوە. میدیا زەندی ھاوسەری زیرەک بووە، و خاوەنی دوو کچە لێی بە ناوەکانی مەھتاب (ئارەزوو) و مەھناز (ساکار)، ھەروەھا چەند گۆرانییەکی بۆ دوو کچەکەی تۆمار کردووە. کاتێک زیرەک ناوبانگ پەیدا دەکات لە ڕادیۆی تاران میدیا زەندی دەناسێت، پاش گەڕانەوەی بۆ ڕادیۆی کرماشان میدیا دەخوازێت؛ بەڵام دوای دەرکرانی لە ڕادیۆ و بێکاریی زیرەک، دوای ماوەیەک میدیا زەندی داوای جیابوونەوەی لێ دەکات و جیادەبنەوە.[٢١] ئەو ماوەیەی پێکەوە بوون بەھۆی نەخوێندەواری حەسەن زیرەک، میدیا زەندی یارمەتییەکی زۆری داوە لە نووسین و خوێندنەوەی شیعرە فارسی و کوردییەکان تا زیرەک بیانکاتە مەقام و گۆرانی،[٢٢] ھەروەھا دوای نەخۆش کەوتنی زیرەک دووبارە میدیا زەندی گەڕاوەتەوە لای و لەگەڵ ڕابیعە سەرئەنجام چاودێریان کردوە. زەندی لە ڕۆژی ھەینی ٣١ی ئابی ٢٠١٨ لە تاران کۆچی دوایی کرد.

ڕابیعە سەرئەنجام کۆتا ھاوسەری زیرەکە و تا کۆتایییەکانی ژیانی زیرەک لەگەڵیدا بووە، بە وتەی ئەو حەسەن زیرەک خۆی پێی وتووە «٢٨٠٠ گۆرانیم ھەیە» کە کەس نازانێت گۆرانییە ونبووەکان چیان لێ بەسەر ھاتووە و چیان لێ کراوە.[٢٣] ڕابیعە سەرئەنجام لە ساڵی ٢٠٢٣ لە شاری سەقز کۆچی دوایی کرد.[٢٤]

کۆتایییەکانی ژیانی زیرەک دەستکاری

دوا ساڵەکانی تەمەنی حەسەن زیرەک لە ناخۆشی و دەربەدەریدا بەسەر برد و زۆر گرنگی بە گۆرانیوتن نەدەدا. زیرەک لە ماوەی ٥٠ ساڵی تەمەنیدا چەندین جار بە شێوازی جیاواز ھەراسان دەکرا، ھەر لە زیندانیکردنی لە عێراق تا گێچەڵ پێکردنی لەلایەن ساواکەوە[ت] لە ئێران و دەرکردنی لە ڕادیۆی کوردیی کرماشان و ڕەتکردنەوەی لەلایەن ھونەرمەندانی دیکە و ھاوکارەکانی لە ڕادیۆدا، کە ئەمەش دڵتەنگیی زیرەکی لێکەوتەوە.

زیرەک ھێندە لەم ڕووداوانە بێزار ببوو کە لە تۆمارێکی دەنگیدا دەڵێت:

ھونەر ھیچ سوودێکی بۆ من نەبوو، چونکە کوردم و بە زمانی کوردی قسە دەکەم. ھونەر لە نێو کورددا جێگای نییە، وا دەمرم و ماڵاوایی دەکەم، بچمە ژێر گڵەوە بۆ ئەوەی جارێکی تر بەشەری کورد نەبینم

حکوومەتی ئێران ھەموو کات ویستویەتی بە شێوەیەک حەسەن زیرەک ئەشکەنجە بدات، لە ڕێگەی تۆمەت خستنە پاڵ و بزڕکاندن؛ زیرەک و میدیا زەندیی خێزانی کاتێک لە ڕادیۆی تاران بەرنامەیەک پێشکەش دەکەن بە ناوی «ئێمە و گوێگرەکان» کە لە بەرنامەکەدا خەڵک و ھەوادارانی حەسەن زیرەک پەیوەندییان دەکرد و سڵاویان لە ناوبراو دەکرد و گۆرانی بۆ دەگوتن، دەربارەی ئەم بەرنامەیە لە بەڵگەنامەی ژمارە /٣١١/٧٦٣ی ساواک لە ڕۆژی ٣٠ی تشرینی یەکەمی ١٩٦١دا دەڵێت «بەرنامەی ڕادیۆی تاران، بووە بە ئامرازی پەیوەندیکردن بە کوردانی عێراقەوە، لەبەر ئەوەی ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو لەژێر ناونیشانی ئێمە و گوێگرەکان پەیامی حەسەن زیرەک لە ڕێگەی میدیای زەندییەوە ڕەوانە کراوە بۆ کەسێکی عێراقی دانیشتووی شاری کەرکووک»، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە ساواک بەدوای بیانوودا گەڕاوە تا زیرەکی پێ تۆمەتبار بکات ئەگەر بە سڵاوی ھەوادارێکیشی بێت لە کەرکووکەوە.[٢٥]

کانی مەلا ئەحمەد دەستکاری

ناوچەیەکی دوورە دەستی سەر سنوور بوو، زیرەک لەگەڵ ڕابیعەی خێزانی چایخانەیەکی لێ کردبوەوە و بەڕێوەی دەبرد، کە دواتر ناسرا بە «گازینۆی زیرەک». زۆر جار ھونەرمەندان و ڕۆشنبیران لێرە کۆدەبوونەوە، چ چایخانەکە و چ ئەوانەی سەردانی چایخانەکەیان دەکرد لەلایەن ساواک چاودێری دەکران. ساواک کە بەردەوام دەیویست ئازاری زیرەک بدات، ھەر جارەو بەشێوازێک کۆمەڵێک چەقۆکێش و شەقاوەی دەنارد بۆ ئەوەی زیرەک شوێنەکە بەجێ بھێڵێت و بێکار بمێنێت. لە دواتریشدا زیرەک شوێنەکەی بەجێھێشت و چووەوە بۆکان.[٢٦]

کۆچی دوایی حەسەن زیرەک دەستکاری

گۆڕی حەسەن زیرەک (چەپ) و گۆڕی قالەمەڕە (ڕاست) لە بۆکان.

ماوەیەک لە شاری شنۆ مابووەوە و دواتر بە سەختی نەخۆش کەوت و لەلایەن بنەماڵەکەیەوە گەڕێنرایەوە بۆ بۆکان و لە نەخۆشخانەی شارەکە خەوێندرا. حەسەن زیرەک لە ٢٦ی حوزەیرانی ١٩٧٢ لە تەمەنی ٥١ ساڵیدا لە نەخۆشخانەی بۆکان بەھۆی شێرپەنجەی جگەرەوە کۆچی دوایی کرد و لە گۆڕستانی بۆکان بە خاک سپێردرا، بەڵام دوای چەند ڕۆژێک لەسەر ڕاسپاردەی خۆی، لە گۆڕەکەی دەرھێنرا و لە دامێنی کێوی ناڵەشکێنە بە خاک سپێردرا.[٢٧]

گومان لە کۆچی دوایی حەسەن زیرەک ھەیە لەوەی کوژرابێت، بەشێک لە ئەندامانی بنەماڵەکەی پێیان وایە لە مەھاباد ژەھراوی کراوە و کوژراوە، کە ئەمە لە نەخۆشییەکەیدا بەدی کراوە.

ژەھراویکردنیی زیرەک دەستکاری

حەسەن زیرەک لە نەخۆشخانەی شیر و خورشید لە بۆکان، ١٩٧٢

ڕۆژی ٢٠ی تەممووزی ٢٠١٠ کاتژمێر شەشی ئێوارە لە ماڵی ڕابیعە سەرئەنجام لە شاری ھەولێر، لە چاوپێکەوتنێکی تۆمارکراودا،[ج] ڕابیعە لەبارەی نەخۆشییەکەی زیرەکەوە دەڵێت:

زیرەک ھیچ جۆرە نەخۆشییەکی نەبوو، ڕۆژێک چووە ئاھەنگێک، ئێوارە ئاگاداریان کردمەوە زیرەک لە نەخۆشخانەیە و نەخۆشە، کە چووم بێ ھۆش بوو. ژنێک لەوێ بوو و پێی گوتم کە زیرەک لەلایەن ساواکەوە ژەھرخوارد کراوە

ڕەنگدانەوەی جیھانی دەستکاری

لە کاتی کۆچی دوایی حەسەن زیرەکدا، ڕادیۆی بی بی سی باس لە گەورەیی حەسەن زیرەک دەکات و دەڵێت:

تاکە ھونەرمەندی گەلی کورد لە نەخۆشخانەی بۆکان کۆچی دوایی کرد.

لە یەکێک لە گێڕانەوەکانی ڕابیعە سەرئەنجام، ھاوسەری حەسەن زیرەک، باس لە دواھاتی کۆچی دواییی زیرەک دەکات:

دوای مردنی زیرەک تیمێکی ئەمریکی سەردانی گۆڕەکەیان کرد لە ناڵەشکێنە، و پارەیەکی باشیان بۆ پێشنیار کردین تا ماوەیەک زیرەک لە گۆڕەکەی دەربھێنن و نمونەیەک لە گەرووی لێ بکەنەوە و ڕەوانەی تاقیگەی بکەن، بەڵام ئێمە قبوڵمان نەکرد.

ھەستی کوردایەتی دەستکاری

پاش دابەشکردن و پارچە پارچەکردنی تەواوەتیی خاکی کوردستان و داگیرکردنی ھەر پارچەیەکی لەلایەن حکوومەتێکەوە، ناوھێنان و باسکردنی «کوردستان» باجی گەورەی لەسەر بوو، پاش شکستی شۆڕشە یەک لەدوای یەکەکانی گەلی کورد لە پارچە جیا جیاکانی کوردستان و بەتایبەت کۆماری مەھاباد و لەسێدارەدانی قازی محەممەد، ناوی «کوردستان» لە ھەموو کوردستان سڕایەوە، تەنیا لە ئێران ناوی کوردستان کرا بە ناوی پارێزگایەک لەجیاتی «سنە»، کە ئەمەش مەبەستێکی سیاسی بوو و مەبەست لێی بچووککردنەوەی ناوی کوردستان بوو بۆ ناساندنی کورد وەک ھۆزێک و زمانی کوردی وەک زاراوەیەک.

حەسەن زیرەک وەک ھونەرمەند و چالاکە خوێن گەرمەکانی ئەوکاتە، خاوەنی ھەستێکی کوردانەی بڵند بوو، لە زۆرینەی گۆرانییەکانی ناوی «کورد» و «کوردستان»ی بەکارھێناوە، یەکەمین ھونەرمەندە کە لە سەرەتای پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو بۆ ماوەی بیست ساڵ زۆرترین جار وشە و ناوی «کورد و کوردستان» لەنێو گۆرانییەکانی خۆیدا بەکار بھێنێت، چ لە ناو عێراق و چ لە ئێران.[٢٨]

ئەگەر چی وشەکانم لە پلەی نەخوێندەواری و ساکاریمە و زۆر ساکار گۆرانییەکانم دەبیسترێن، بەڵام ئەو سەری نیازم ھەر ئەو گڕە میللییەیە کە دەروونی ئاگر تێبەرداوم و شەیدای خۆراکی جوانی و شار وبست بە بستی کوردستانی کردووم و گۆرانیان پیا ھەڵدەدەم

— حەسەن زیرەک، ١٩٧٢[٢٩][٣٠]

گۆرانی نەورۆزی حەسەن زیرەک یەکێکە لەو گۆرانیانەی کە تائێستاش لە جەژنی نەتەوەیی کورد، نەورۆز لێ دەدرێت و بەو گۆرانییە کوردەکان یادی ئەم بۆنەیە دەکەنەوە. ھەستە کوردانەکەی حەسەن زیرەک ھەر لە دێڕی یەکەمی گۆرانییەکەدا دەردەکەوێت، لەنێو وڵاتێکی وەک ئێران کە بەدرێژایی مێژوو دژبەریی سەرەکی کوردەکان بووە، و لە ڕادیۆیەکی گەورە کە پەخشەکەی چەندان وڵات تێدەپەڕێنێت، جەژنێکی وا بە مێژووی کورد دەبەستێتەوە[٣١] و ناوی کوردی پێوە دەلکێنێت:

ئەم ڕۆژە ساڵی تازەیە، نەورۆزە ھاتەوە
جەژنێکی کۆنی کوردە بەخۆشی و بەھاتەوە

زیرەک دوای چاپکردنی «چریکەی کوردستان» فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەردەچێت، چونکە لەو ساڵانەدا چاپکردنی کتێبی کوردی کارێکی ئەستەم بووە، بە ناچاری خێزانەکەی بەجێدەھێڵێت و خۆی نادات بەدەستەوە، دواتر ڕوو دەکاتە باشووری کوردستان و پەیوەندی بە شۆڕشی کوردییەوە دەکات، لەلایەن سەرکردایەتی کوردی و خەڵکی ناوچەکە پێشوازی لێ دەکرێت، لەوێش چایخانەیەک دەکاتەوە، و ھەر لەوێوە گۆرانی بەسەر کورد و شۆڕشی کوردیدا ھەڵدەڵێت.

ھۆکاری ئەوەی حەسەن زیرەک بەردەوام تووشی ھەراسانکردن و ئەشکەنجەدان ببێتەوە لەلایەن ساواک و حکوومەتی ئێرانەوە، ئەوە بوو کە زیرەک بە دڵی حکوومەت نەبوو و کاری بۆ ساواک نەدەکرد، بۆیە ساواکیش دەیویست بە ھەر جۆرێک بێت بارگرانی بۆ حەسەن زیرەک دروست بکات. حسێن عەبدوڵڵای برا بچووکی زیرەک لەم بارەیەوە دەڵێت:

ساواک دەیویست حەسەن بە خێزانەوە بڕواتە باشووری کوردستان و عێراق سیخوڕی بکات، و پارەیەکی باشیان بۆ دانابوو، بەڵام زیرەک قبوڵی نەکردوە و گوتویەتی ھیچ کات خیانەت لە خەڵکەکەی خۆم ناکەم با بە ھەژاری بمرم و ساڵی دوو سێ جار لێم بدەن[٣٢]

لێرەدا ڕوونە کە زیرەک نەیویستووە خیانەت لە زێد و نیشتیمانەکەی خۆی بکات. جیا لەوەش چەندین ھەڵبەست و مەقام و گۆرانی نیشتیمانپەروەرانەی ھەیە لەوانە: ئەی نیشتیمان، ئەی وەتەن، بژی کورد و کوردستان کە لەسەر گوتنی ئەم گۆرانیانە زۆر جار زیندانی کراوە.

ھەڵسەنگاندنی حەسەن زیرەک دەستکاری

میدیا زەندی، ھاوسەری حەسەن زیرەک کە بێژەری بەشی کوردیی ڕادیۆ تاران بووە، دەنووسێت:

«حەسەن زیرەک نزیکەی ھەزار گۆرانی لە تاران و کرماشان پێشکەش کردبوو و ھەر بەھۆی گۆرانییەکانییەوە بوو کە ڕۆژانە نزیکەی دوو ھەزار نامە دەنێردران و تەنانەت پارەیان دەخستە ناو نامەکەوە بۆ ئەوەی ئەو گۆرانییە داواکراوە لێ بدرێتەوە. بەرنامە کوردییەکانی ڕادیۆ تاران و کرماشان بەھۆی دەنگی خۆشی حەسەن زیرەک سەرنجی ھەمووانی ڕاکێشابوو. بەڵام سەرەڕای ئەو ھەموو خزمەتانەی ئیتر حەسەن زیرەک لە ڕادیۆ ڕێگەی پێنەدرا و لەبیر کرا.[٣٣]»


شارام نازری، ھونەرمەندی مۆسیقای نەریتیی ئێرانی، سەبارەت بە دەنگی حەسەن زیرەک دەڵێت:

«سەبارەت بە حەسەن زیرەک، بە گشتی تەنیا دەتوانم بڵێم کە ئەو بە مانا ڕاستەقینەکەی بلیمەت بووە؛ واتە لە ھەمان ساتدا کە دەچووە ناو ئۆرکێسترای ڕادیۆ و دەچووە ژووری تۆمارکردن، شیعرێکی دەگوت و گۆرانییەکی ئامادە دەکرد و لە ھەمان کاتدا دەیگوت، کە پێشتر لە مۆسیقادا ڕووی نەداوە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەو خوێندەوار نەبوو، بەڵکو مۆسیقا و شیعری بە شێوەیەکی ئیلھامبەخش خوێندووەتەوە و بەڕاستی کەسێکی ناوازە و بلیمەتی مۆسیقای کوردی بوو و لە نێو گۆرانیبێژانی کورددا، من حەزێکی تایبەتم بۆ دەنگی حەسەن زیرەک ھەیە.[٣٤]»


موجتەبا میرزادە، کەمانژەن و مۆسیقاژەن کە لە ساڵانی ١٩٦١دا ھەموو بەرھەمەکانی حەسەن زیرەک لە ئۆرکێسترای ڕادیۆی کوردیی کرماشان ژەنیار بووە و ئەو ڕێکیخستووە، لە وتووێژێکدا سەبارەت بەم ھونەرمەندە وتی:

«حەسەن زیرەک، ھەرچەندە ھیچ خوێندەوارییەکی نەبووە، بەڵام زۆربەی شیعرەکانی لە ساتەوەختی خوێندنەوەیدا بە شێوەیەکی سەرپێیی و لەپڕ دەیخوێندەوە. بیرەوەرییەکی زۆر بەھێزی ھەبوو لە لەبیرکردنی شیعر و گۆرانی و ھەڵبەستی کوردیدا و دەبێ بگوترێ کە حەسەن زیرەک ھەرگیز لە مۆسیقای کوردیدا دووبارە نابێتەوە؛ چونکە بەردەوامترین و جوانترین گۆرانی کوردی دروست کردووە، ئێستاش نەک ھەر لە ئێران، بەڵکو تەنانەت لە نێو کوردانی باشوور و سوید و بەشەکانی دیکەی جیھاندا، بەرھەمەکانی و ناو و یادەوەرییەکەی پێگە و ڕێزێکی بەرزیان ھەیە.»


بیژەن کامکار، گۆرانیبێژ و مۆسیقاژەنی کورد، دەربارەی زیرەک دەڵێت:

«حەسەن زیرەک بە یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی مۆسیقای کوردی دادەنرێت و زۆرێک لەو گۆرانییە کوردی و فارسییانەی کە ئێستا پێشکەش دەکرێن، ئیلھامیان لە بەرھەمەکانی ئەو ھونەرمەندە وەرگرتووە. ناوبانگ و جێیباسیی حەسەن زیرەک تەنیا لە سنوورەکانی ئێراندا سنووردار نییە، بەڵکو وڵاتانی ئەورووپایی و کوردانی ھەموو جیھان دەگرێتەوە.[٣٥]»


ناسر ڕەزازی، ھونەرمەندی بەناوبانگی کورد، سەبارەت بە زیرەک دەڵێت:

«دوو جار مامۆستا حەسەن زیرەکم لە سنە بینیوە. جارێکیان لە ماڵی دانیشتوویەکی شاری سنە و جارێکیش کە بۆ ئاھەنگی زەماوەندی کارمەندێکی ڕادیۆی سنە ھاتبوو، بینیم. غەنی بلوریان لە حیزبی توودە بۆ ئاڵوگۆڕکردنی نامە سیاسییەکان (بۆ حیزبی دیموکرات) لەڕێگەی زیرەکەوە دەینارد.[٣٦]»


فرانسیس داوود و خالید سەرکار کە ھاوکاری حەسەن زیرەکیان کردووە، سەبارەت بە بەھرەی زیرەک لە بواری مۆسیقادا دەڵێن:

«لە یەکێک لەو دیدارانەی لەگەڵ زیرەک ئەنجامماندا، لە کاتی پشوودا ئاوازی گۆرانییەکی ئەرمەنیمان لێدا و زیرەک تەنھا گوێی لێ دەگرت. دوای چەند خولەکێک زیرەک وتی جارێکی تر بیژەننەوە، ئێمە ھەروا بۆخۆشی لێمان دایەوە، بەڵام زیرەک کردی بە گۆرانییەکی کوردی، کە بە «ئۆخەی ئۆخەی لەو باڵایە» و «لای لای» ناوبانگی دەرکرد.[٣٧]»


ئەنوەر قەرەداغی، مۆسیقاژەنی بەناوبانگی کورد، دەربارەی ھەمان گۆرانی کە ئەویش یەکێک بووە مۆسیقاژەنەکانی ئەوێ، دەڵێت:

«بلیمەتی زیرەکم لەوەوە بۆ دەرکەوت، کە نە پێشتر ئەم ئاوازەی بیستبوو، نە دەشیزانی ھی چ گۆرانییەکە و کوێندەریە، بەو ماندوویەتییەی خۆیەوە یەکسەر لەوێ شیعری بۆ دانا و کردی بە گۆرانییەکی کوردی.»


گۆرانییەکان دەستکاری

مەقامێکی حەسەن زیرەک بە زمانی فارسی، لە گۆرانی ڕێبوار و ڕێبوار.

یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی گۆرانییەکانی حەسەن زیرەک پشتبەستنی بە گۆرانییە فۆلکلۆرییەکانە. ئەو چاوی بە زۆر ناوچە و مەڵبەندی کوردستان کەوتووە، لێیان ماوەتەوە، لای خەڵکەکەی میوان بووە و ھەڵسان و دانیشتنی لەگەڵیان بووە و لەگەڵ شێوەی ژیانیان و جلوبەرگ و ھەڵسوکەوتیان ئاشنا بووە. ئەو گۆرانییانەی لە خەڵکەوە بیستوویەتی، فێری بووە. ھەرچەندە زیرەک زۆر گۆرانیشی ھەیە کە ھەم ھەڵبەستەکەی و ھەم ئاھەنگەکەی ھی خۆیەتی، زیرەک لە شیعری کوردیش کەڵکی وەرگرتووە. لە ئەو شاعیرانە: نالی، وەفایی، سەید کامیل ئیمامی، کوردی، ئەحمەد ھەردی، پیرەمێرد و ھێمن. زیرەک بۆ وێنە شیعری «شەو»ی سەید کامیل ئیمامی کردووە بە گۆرانی.[٣٨]

حەسەن زیرەک گۆرانیی فارسی، ئەرمەنی و ئازەریی ھەیە، لەو جۆرە گۆرانییانەدا زیرەک ھەڵبەستی کوردیی تێکەڵاو کردوون. «گویلدر»[چ] یەکێکە لەو گۆرانییانە کە بە زمانی ئازەری وتوویەتی.

دیارترین گۆرانییەکان دەستکاری

  • خان باجی (زمانەکانی کوردی، ئازەری، ئەرمەنی، تورکی و فارسی لەم گۆرانییەدا بەکارھاتوون، لە ڕادیۆی تەورێز تۆمار کراوە).
  • ئەی نیشتیمان[ح]
  • ھەر تۆم دەوێ
  • یەڵا شۆفێر
  • ئای لاچن[خ]
  • نایلۆنە[د]
  • لۆرکێ لۆرکێ
  • کەتانە
  • قژ کاڵی لێو ئاڵی[ر]
  • کیژان دەچنە مێرگوڵان
  • مەھتاب[ڕ]
  • ناڵەشکێنە
  • نەورۆز
  • جەرسە
  • لەیلا
  • ھەوری لار
  • کرماشان شاری شیرینم
  • گەوھەرێ
  • ماڵی بابم نەسرین
  • کەویار
  • بەلەنگەر

مەقامەکان دەستکاری

  • سەوزەڵێ
  • ناکەم
  • سڕێکە لە دڵمایە
  • فرمێسکی گەش
  • ئەو دڵەی وەک بت پەرستێ[ز]
  • وا من نەخۆشم[ژ]
  • قەسەمت دەدەم
  • ھەی بەناز
  • ئەی وەتەن
  • مردن لەبیرمی
  • ڕازی تەنیایی
  • گوڵنیشان
  • مینا گیان
  • دەمێک ساقی[س]

گۆرانییە نوێکراوەکان دەستکاری

دەنگی زیرەک دوای مردنی لەنێو کورداندا زۆر زیاتر بڵاوبووەوە، وای لێھات گۆرانییەکانی دووبارە نوێ دەکرانەوە و دروست دەکرانەوە، ئەمەش لە ساڵانی ٢٠١٠ەوە بوونی ھەیە، لە ئێستاشدا بەشێوازێکی نوێتر و بە یارمەتی ژیریی دەستکرد دەنگی حەسەن زیرەک بە ئاواز و ھۆنراوەی نوێوە دروست دەکرێت و بەرھەم دەھێنرێت، بە تایبەت لە ساڵانی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤ ئەم گۆرانییە دەستکردانەی حەسەن زیرەک خواستی زۆربەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی لەسەر بوو، تا ئەو ئاستەی چووە ترێندە جیھانییەکانەوە.

ساڵی ٢٠٢٣ شەش گۆرانیی حەسەن زیرەک: کوێستانان خاڵ خاڵ، بە تەورات، خانزادە خانم، نووری ڕوخسارت، ھەوری لار و کاروانە لەلایەن ھونەرمەند دکتۆر عەبدوڵڵا جەمال سەگرمە و ئۆرکێسترای ژێدار میوزیکێکی ئاست بەرزیان بۆ دانراوە و بە شێوەیەکی ستاندارد دەنگی حەسەن زیرەکیان لەسەر دانراوە و نوێ کراوەتەوە.[٣٩]

لەلایەن دوو گەنجی شاری سلێمانی بە ناوەکانی زرنگ مەھدی و ئەحمەد کەریم ڕۆژی ١١ی ئایاری ٢٠٢٣ گۆرانی «نازدار نازدار» لە ڕێگەی ژیریی دەستکرد بە دەنگی حەسەن زیرەک بەرھەم ھێنرا، لە ماوەیەکی کورتدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا ھێنا. ئاوازی گۆرانییەکە لە گۆرانیی «ڕەفەت ڕەفەت» وەرگیراوە کە لەلایەن تاھیر عوجەیلی بە زمانی عەرەبی گوتراوە.[٤٠] گۆرانییەکە لە ماوەیەکی کورتدا بە خێرایی بڵاوبووەوە، لە تەواوی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە گشتی سەروو ٧٠ ملیۆن بینەری ھەبوو. لە فەیسبووک، ئینستاگرام و سناپچات چووە پلەی یەکی ترێندی عێراق، ھەروەھا لە بەشی میوزیکیی یووتیووب چووە پلەی دووەمی عێراق.[٤١][٤٢]

جیا لە گۆرانی نازدار نازدار، ئەو دوو گەنجە چەندین گۆرانی دیکەیان دروست کردوە کە خۆیان ئاواز و ھۆنراوەیان بۆ داناوە و لەسەر دەنگیی حەسەن زیرەک بڵاوکراوەتەوە.

ھاوبەشی لەگەڵ گۆرانیبێژان دەستکاری

حەسەن زیرەک لەگەڵ زۆر گۆرانیبێژی کورد گۆرانی گوتووە، بۆ نموونە محەممەد ماملێ، مەلا حسێنی عەبدوڵڵازادە، عوسمان بۆکانی، ڕەزا سەقایی، سەید محەممەد سەفایی و ئەحمەد شەماڵ، گۆرانییەکانی «ئەمان ئەمان» و «نازانم لە کێ پرسم» دوو گۆرانی تۆمارکراوی زیرەک و ئەحمەد شەماڵە لە شاری سلێمانی. گۆرانیی «ماڵی بابم بێ وەفا» یەکێک لەو گۆرانییانەیە کە حەسەن زیرەک، محەممەدی ماملێ و مەلا حسێنی عەبدولازادە ساڵی ١٩٥٩ بە یارمەتیی تیپی مۆسیقای کرماشان تۆماریان کردووە. «بەرھەڵبێنە» و «ھەوارە، گوڵم ھەوارە» دوو گۆرانی دیکەن کە زیرەک و محەممەدی ماملێ پێکەوە وتوویانە.

لە نێوان ساڵانی ١٩٦٢ تا ١٩٦٤ لە ڕادیۆ کرماشان کاری کردووە. لەو ماوەیەدا لەگەڵ گەورەکانی مۆسیقای ئەو سەردەمە وەک موجتەبا میرزادە، محەممەد عەبدولسەمدی، ئەکبەر عیزەدی و بەھمەن پوولەکی کاری کردووە.

ژیان و بەرھەمەکانی لە پەڕتووکدا دەستکاری

  • چریکەی کوردستان (نووسەر: حەسەن زیرەک)
  • گەوھەرێ (نووسەر: عوسمان شارباژێڕی)
  • حەسەن زیرەک و ھەندێک لە بەسەرھاتەکانی (نووسەر: میرزا کەریم خۆشناو)
  • ناڵەشکێنە: گۆرانییەکانی حەسەن زیرەک (نووسەر: قادرنەسیری نیا)

ئەمانەش ببینە دەستکاری

تێبینییەکان دەستکاری

  1. ^ لای خەڵکی ناسراوە بە مینە
  2. ^ ھەورامیشی باش زانیوە
  3. ^ لە باسی دەرکردنی ڕۆژنامەی کوردستان، عیسا پژمان باس لە ساواکیبوونی شوکروڵڵا بابان دەکات و بە پیاوی حکوومەت ناوی دەبات، لەوانەیە ھەر ئەمە ھۆکاری دەرکردنی زیرەک بووبێت لەلایەن ئەو کەسانەوە
  4. ^ جیا لە میدیا زەندی و ڕابیعە سەرئەنجام، ئەو ھاوسەرانەی تری زیرەک کە تائێستا باسکراون و ناسراون: زێنێ، ئامین، زییە، ناسکێ، مەحبوبە، گەوھەر (کاتێک زیرەک لە بەغدا بووە گەوھەری ناسیوە و لەلایەن مەلا عەبدولکەریم مودەریس لەیەک مارەکراون)
  5. ^ ساواک: کورتکراوەکەی «سازمان اطلاعات و امنیت کشور»، کە بە مانای «ڕێکخراوەی ئاگاداربوون لە ئاسایشی وڵات» دێت و بەرچاو ڕوونیی شای ئەوکاتی ئێران بوو لەژێر چاودێریی سوپادا، ئەم ڕێکخراوە ئەرکی پاراستنی ئێران بوو لە مەترسییەکانی نەیارانی ناوەوە و دەرەوەی
  6. ^ چاوپێکەوتنەکە لە ژمارە ١٤٦ی ھەفتەنامەی بەدرخان بڵاوکراوەتەوە
  7. ^ ئەم گۆرانییە لە کوردییەکەی زیاتر بە «بێ دکتۆر» ناسراوە
  8. ^ بەھۆی ئەم گۆرانییەوە دەستبەسەر کرا
  9. ^ گۆرانی «دەسماڵ حەریری» بە ھەمان ئاواز گوتووەتەوە
  10. ^ ماملێ ھەمان گۆرانی گوتووەتەوە
  11. ^ ھونەرمەند ھۆمەر دزەیی ئەم گۆرانییەی بە دەنگی خۆی کەڤەر کردوە
  12. ^ ئەم گۆرانییەی بۆ کچەکەی، مەھتاب (ئارەزوو) گوتووە، کە لەسەر ئاوازی گۆرانی «ئەی موتریبی حەریفان»ی تایەر تۆفیقە
  13. ^ شیعری ئەحمەد ھەردی
  14. ^ ھەروەھا بە ناوی «من بریندارم» دووبارە گوتویەتییەوە؛ ئەم مەقامەی لە کاتی نەخۆش کەوتنیدا گوت
  15. ^ شیعری وەفایی

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ "ئیمپراتۆری گۆرانی و میوزیکی کوردی". knwe.org. Retrieved 2023-11-10.
  2. ^ کوردیپێدیا, Kurdipedia-. "ساواک بۆچی حەسەن زیرەکی کوشت؟". Kurdipedia.org. Retrieved 2023-11-10.
  3. ^ "حەسەن زیرەک.. له نێوان مردنى ئاسایی و تیرۆرکردندا". politicmedia.net. Retrieved 2023-11-10.
  4. ^ "بەرگرییەک لەھونەرمەند حەسەن زیرەک". hawlati.co (بە ئینگلیزی). Retrieved 2023-09-25.
  5. ^ "بولبولی کوردستان بوو بە 100 ساڵ". SAHAR KURDISH (Sorani). 2021-11-28. Retrieved 2023-11-10.
  6. ^ "وت‌وێژێکی بڵاونەکراوە لەگەڵ میدیا زەندی ھاوسەری مامۆستا حەسەن زیرەک". haje.ir. Retrieved 2023-11-10.
  7. ^ "ھاوسەری ھونەرمەند حەسەن زیرەک کۆچی دوایی کرد". Kurdistanmedia (kurdistanmedia.com) (بە کوردی). 2023-06-07. Retrieved 2023-11-10.
  8. ^ "حەسەن زیرەک". www.khaktv.net. Retrieved 2023-11-10.
  9. ^ "یادی کنیم از بزرگان موسیقی (استاد حسن زیرک)". akharinkhabar.ir. 2022-12-22. Retrieved 2024-05-23.
  10. ^ "«حسن زیرک»، حافظ موسیقی کردی/شعیب خسروی". kurdpress (بە فارسی). 2021-12-03. Retrieved 2024-05-23.
  11. ^ "«بلبل کردستان» ١٠٠ ساله شد". kurdpress (بە فارسی). 2021-11-29. Retrieved 2024-05-23. {{cite web}}: C1 control character in |url= at position 37 (help)
  12. ^ "کتاب مجموعه آوازهای حسن زیرک به چاپ سوم می رسد/ زیرک بیش از 1300 ترانه خوانده است | کردستان". web.archive.org. 2021-12-03. Retrieved 2024-05-23.
  13. ^ "زندگینامه: حسن یوسف زمانی (۱۳۱۰-۱۳۸۸)". همشهری آنلاین (بە فارسی). 2009-08-16. Retrieved 2024-05-23.
  14. ^ "من جانشین «میرزاده» در اکستر ڕادیو کردی کرمانشاه بودم / گفتگو بااستاد ابوالقاسم پرندیان نوازنده قدیمی کرمانشاهی". kurdpress (بە فارسی). 2021-03-16. Retrieved 2024-05-23.
  15. ^ 10 (2017-05-03). "زندگي و آثار استاد 'حسن زيرك' مورد بحث و بررسي پژوهشگران قرار گرفت". ایرنا (بە فارسی). Retrieved 2024-05-23.{{cite web}}: CS1 maint: numeric names: پێرستی نووسەران (link)
  16. ^ زەندی, میدیا (1997) [١٩٧٠]. چریکەی کوردستان. ڕۆژھەڵاتی کوردستان: فاروق سەفیزادە. ISBN 9789649152806.
  17. ^ حەسەن, زیرەک (1966–1970). چریکەی کوردستان. تاران: حەسەن زیرەک. pp. ٨.
  18. ^ ئ ا ب "حسن زیرک از کارگری در بووکان تا خوانندگی در بغداد". فراتاب (بە فارسی). 2016-11-30. Retrieved 2024-05-23.
  19. ^ "حسن زیرک در ڕادیو کُردی کرماشان". فراتاب (بە فارسی). 2017-01-08. Retrieved 2024-05-23.
  20. ^ "حسن زیرک؛ ڕاوی ملودی های عشق و هجران!". فراتاب (بە فارسی). 2016-06-25. Retrieved 2024-05-23.
  21. ^ مەولوود, ئیبراھیم حەسەن (2012). ساواک بۆچی حەسەن زیرەکی کوشت؟ (بە کوردی). ھەولێر: دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی بەدرخان. p. ٢١.
  22. ^ مەولوود, ئیبراھیم حەسەن (2012). ساواک بۆچی حەسەن زیرەکی کوشت؟ (بە کوردی). ھەولێر: دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی بەدرخان. p. ٢٢.
  23. ^ "آپارات - سرویس اشتراک ویدیو". آپارات - سرویس اشتراک ویدیو (بە فارسی). Retrieved 2024-05-23.
  24. ^ "«رابعه سرانجام»؛ همسر مرحوم استاد حسن زیرک در سقز فوت کرد". kurdpress (بە فارسی). 2023-06-07. Retrieved 2024-05-23.
  25. ^ مەولوود, ئیبراھیم حەسەن (2012). ساواک بۆچی حەسەن زیرەکی کوشت؟ (بە کوردی). ھەولێر: دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی بەدرخان. p. ٢٣.
  26. ^ مەولوود, ئیبراھیم حەسەن (2012). ساواک بۆچی حەسەن زیرەکی کوشت؟ (بە کوردی). ھەولێر: دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی بەدرخان. p. ٦٧.
  27. ^ https://www.kurdistan24.net/ckb
  28. ^ مەولوود, ئیبراھیم حەسەن (2012). ساواک بۆچی حەسەن زیرەکی کوشت؟ (بە کوردی). ھەولێر: دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی بەدرخان. p. ٣٠–٣١.
  29. ^ عوسمان, شارباژێڕی. گەوھەرێ. pp. ٣٤٤.
  30. ^ مەولوود, ئیبراھیم حەسەن (2012). ساواک بۆچی حەسەن زیرەکی کوشت؟ (بە کوردی). ھەولێر: دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی بەدرخان. p. ٣١.
  31. ^ مەولوود, ئیبراھیم حەسەن (2012). ساواک بۆچی حەسەن زیرەکی کوشت؟ (بە کوردی). ھەولێر: دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی بەدرخان. p. ٣٩.
  32. ^ مەولوود, ئیبراھیم حەسەن (2012). ساواک بۆچی حەسەن زیرەکی کوشت؟ (بە کوردی). ھەولێر: دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی بەدرخان. p. ٧٥.
  33. ^ "آوای ماد - زندگینامه استاد حسن زیرک". web.archive.org. 2014-08-31. Retrieved 2024-05-23.
  34. ^ "Magiran | روزنامه اعتماد (1392/10/25): آواز محبوب، آوازه خوان مغضوب". www.magiran.com. Retrieved 2024-05-23.
  35. ^ bultannews.com, بولتن نیوز | (۱۳۹۷/۰۴/۰۶ - ۱۱:۰۹). "یادی از هنرمند کرد حسن زیرک". fa (بە فارسی). Retrieved 2024-05-23. {{cite web}}: Check date values in: |date= (help)
  36. ^ "- YouTube". www.youtube.com. Retrieved 2024-05-23.
  37. ^ Rudaw Radio (2019-09-23), حەسەن زیرەک، لە زاری کچ و هاوژینەکەی و عەلی مەردانەوە, retrieved 2024-05-23
  38. ^ "Türkçeleştirilen Kürtçe şarkılar: bir kültürel yağma hikayesi (14 şarkıyı dinleyelim bakalım) | Özgürlükçü Sol". web.archive.org. 2018-06-20. Retrieved 2024-05-23.
  39. ^ www.rudaw.net https://www.rudaw.net/sorani/culture/culture-style/12102023. Retrieved 2024-05-18. {{cite web}}: Missing or empty |title= (help)
  40. ^ www.rudaw.net https://www.rudaw.net/turkish/kurdistan/05012024?fbclid=IwAR3NV1HpR9Gd1oWA8QWvO3U76aeWclZtKUdYnyz5bHeviVk4C_VzxIg46Yk_aem_AYc-fcu3owAbjoKyEp2UeApTcWnzyK7_WlqbSnyBAWJzKcRFR6oQrKT6npWnOOKkz08. Retrieved 2024-05-18. {{cite web}}: Missing or empty |title= (help)
  41. ^ www.rudaw.net https://www.rudaw.net/sorani/culture/culture-style/04122023. Retrieved 2024-05-18. {{cite web}}: Missing or empty |title= (help)
  42. ^ Kaymaz, Ebru (2024-01-05). "TELE1 gündeme getirdi! İbrahim Tatlıses'in 'Devamke'si zora girdi". Tele1 (بە تورکیی ئەستەمبوڵی). Retrieved 2024-05-18.

بەستەرە دەرەکییەکان دەستکاری